به‌رنامه‌کانی روژ
شه‌ممه‌
هەواڵەکان9 / 12 / 2017
دیداری تایبەت9 / 12 / 2017
گۆرانی کوردی 9 / 12 / 2017
ژیان و خەبات9 / 12 / 2017
اخبار9 / 12 / 2017
هەواڵەکان2 / 12 / 2017
روانینی رۆژ2 / 12 / 2017
یه‌ک شه‌ممه‌
دوو شه‌ممه‌
سێ شه‌ممه‌
چوار شه‌ممه‌
پێنج شه‌ممه‌
هه‌ینی
رادیۆ دەنگی کوردستان
بەرنامەی دوو شەممە ١١/١٢/٢٠١٧
بەرنامەی یەک شەممە ١٠/١٢/٢٠١٧
بەرنامەی شەممە ٠٩/١٢/٢٠١٧
بڵاوکراوه‌کان
به‌یاننــــــا‌مه‌و راگه‌یه‌نراو
ڕاگەیەندراو کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێ
پەیامی ماتەمینی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی‌دوایی خاتوو زەینەب شەڕەفکەندی
هه‌ڵبژارده‌
دیداری تایبەت - باسێک سەبارەت بە یەکەم کۆنفرانسی شورای دێموکراسی خوازان میوانی بەرنامە : کاک ئەبوو بەکر مودەرەسی جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆرشگێر
ژیان خەبات - ژیان و خەباتی کاک مستەفا سوور
رامان - یە‌كپارچە‌یی خاك و پرسی نە‌تە‌وە‌یی بە‌ بە‌شداری بە‌ڕێز عە‌بدوڵڵا حجاب چاوە‌دێری سیاسی راپۆرتێك لە‌سە‌ر كۆتایی داعش
کاروانی شەهیدان
هه‌واڵه‌کان
ئینکاری کورد بە ڕێگەی قانوونەوە
عومەر باڵەکی
24 / 11 / 2017

لە دوای کۆتایی هاتنی شەری یەکەمی جیهانی دابەشبوونی میراتی ئیمپراتووری عوسمانی لە نیوان دەوڵەتە سەرکەوتووکانی شەڕدا دەستی پێکرد و ئهوهش دروستبوونی دەوڵەت نەتەوەکان و دابەشبوونی کوردستانی لێ کەوتەوە و لەو کاتەوە هەتا

ئیستا کوردستان بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش بووە. هەر کام لەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بە سەر دابەش کراوە لە ڕاستیدا لە سەر بنچینەی حاکمییەتی  نەتەوەیەک بە سەر نەتەوەکانی دیکەدا دامەزراون و زمان و کلتوور و ئایین و مەزهەبی  ئەو نەتەوە باڵادەستە بە پێی قانوونی وڵات فەرز کراوهته سەر هەموو نەتەوەکانی دیکە کە لەو وڵاتەدا دەژین.

لە سەت ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی زاڵ بە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان هەموو کات هەوڵ و پلان و پیلانیان بۆ ئهوه بووه حاشا له بوونی کورد وەک نەتەوە بکەن، بەو مانایە کە حاشا له بوونی کورد وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی خاک و زمان و کلتوور و مێژووی خۆیەتی و لە هەموو بوارێکدا لە گەڵ فارس و تورک و عەرهب جیاوازە. ئینکاری کورد و نەتەوەکانی دیکەی هەڵکەوتوو لەو چوار وڵاتە (ئیران ،عیراق ،سوریەو تورکیە) هەر لە چوارچێوەی قسە و رهفتارێکی دووچاوهکیدا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکوو لە هەر چوار دەوڵەتدا بە قانوون کراوە و تەنانەت بە گۆڕانی سیستەمە سیاسیەکانیش ئەو ئینکارکردنە تەواو نابێ و لەگەڵ نووسینەوەی قانوونی بنەڕەتیی نوێ دیسان ئەو خۆداسپاندنی نەتەوە زۆرینەکان لە هەموو بواریکدا دێتەوە نێو قانوونی بنەڕەتیی ئەو وڵاتانە و هەر کات دەسەڵاتداران بە قازانجیان زانی پەنا بۆ ئەو قانوونه دەبهن. هۆکارهکهش ئهوهیه که قانوونی بنەڕەتیی هەر وڵاتێک دایک و چاوگی قانوونهکانی دیکەی وڵاتە و لە ڕاستیدا ئاوینەی باڵانوێنی سیمای سیاسی و ئابووری و قانوونیی ئەو سیستمە سیاسییەیه  کە دەسەڵاتدارە و بەڕێوەبردنی وڵاتی لە ئەستۆیە.  مادام قانوونی بنەرەتی ئەو چوار وڵاتە وا داڕێژراوە کە نەتەوەیەک  بە هەموو پێناسەکانیەوە باڵادەست بێ، ئاکامهکهی ئهوهیه کە کورد لە هەر کام لەو پارچانەی کە تێیدا دەژی بە قانوون دەچەوسێندرێتەوە و هەر ئەوە وای کردوە دەسەڵاتدارانی ئەو چوار دەوڵەتە به دهست ئاوهڵایی و سیستماتیک مافەکانی کورد پێشێل بکهن. دیاره ئەوە خۆی مەترسییهکی گەورەیە هەم لە نێوخۆی ئەو وڵاتانە و هەم کاریگەریی هەیە لە سهر هەڵسوکەوتی کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی دەرحەق بە پرسی کورد، چونکە لە سەردەمێکدا دەژین که بێجگە لە کۆمەڵێک وڵات ئهگهر ڕواڵهتیش بێ قانوون لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بۆتە چەمکێک کە هەموو بنج و بناوانی ژیانی مرۆڤەکانی گرتۆتەوە و تەنانەت هەتا ئەو جێگهیە چوونەتە پێشێ کە دەڵێن بە پێی قانوون هەموو تاکەکانی کۆمەڵگه بەبێ گوێدان بە پلەوپایە لە بەرامبەر قانووندا یەکسانن. کەواته لە ڕوانگەی دەوڵەتانی پێشکەوتوو لە بواری دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ قانوون جێگای ڕێزە و بۆ هیچ کەس نییە لێی لابدا. بەڵام بە داخەوە لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە ڕاست بە پێچەوانەیە، نەک یەکسانی لە بەرامبەر قانووندا نییە بەڵکوو تاک و کۆی کورد بە قانوون دەچەوسێندرێنەوە و مافیان لە هەموو بوارێک دا پێشێل دەکرێ و ئەویش لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ کە قانوونەکان بە پێی ویست و داخواز و بهرژهوندیی دەسەڵاتداران دارێژراون.

لێرەدا بە کورتی ئاماژه بە قانوونی بنهڕهتیی ئەو چوار وڵاتە (ئیران، عێراق، سوریە و تورکیە) دەکەین بۆوهی بزانین تێڕوانینیان بۆ مەسەلەی مافی کەمینەکان و بهگشتی مافه مەدەنی، سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییهکانی کورد چۆنە.

 

قانوونی بنەڕەتیی ئێران و پرسی نەتەوەکان

لە قانوونی بنەڕەتیی ئێران و لە ئەسلی یەکهمدا، هەموو گەڵانی ئیران بە یەک نەتەوە (ملت) ناسراون. ئهو ئهسڵه دەڵێ میللەتی ئێران لە سەر بنهمای باوەڕی لەمێژینەی بە دینی ئیسلام  دەنگیان داوە بە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی و لە ئەسڵی بیستهمدا باس لەوە دەکا کە هەمووی میللەت پێکهاتوو لە ژن و پیاو لەژێر پارێزگاریی قانوون دان و هەموو مافەکانی مرۆڤ، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی میللهت بە لەبەرچاوگرتنی ڕێوشوێنی ئیسلام دابین دەکرێ.

دهسپێکی قانوونی بنهڕهتیی ئێران بهو ئهسڵه لە حاڵێکدایه که ئێران وەک یەکهیهکی جوغرافیایی چەند نەتەوەی تێدا دەژی کە زمان و فەرهەنگ و تەنانەت دین و مەزهەبیان لە یەکتر جیاوازە، بەڵام بەپێی قانوونی بنەڕەتی هەر وهکوو لەو دوو ئەسلەدا دەیبینین هەموو ئەو نەتەوانە بە یەک نەتەوە داندراوه و بە هیچ جۆر ئاماژه بە پێکهاتەکانی ئێران لە بواری نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی ناکرێ و  ئهو فره پێکهاتهییه هیچ جێگە وپ ێگەیەکی لەو قانوونەدا بۆ دەستنیشان نهکراوه.

 

تورکیە و پرسی کورد لە قانوونی بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا

لە مارسی ١٩٢٤ دوای دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری تورکیە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە فەرهەنگ و زمانی کوردی و تەنانەت ناوە کوردییەکان قەدەغە کران وکەلکوەرگرتن لە وشەکانی کورد و کوردستان بوونە شتێکی بڤە و تاوان. ئەوە سەرەتایەک بوو بۆ ئینکاری یەکجاریی کورد لە تورکیە و ئەو ئینکارە خۆی لە نێو ماددە و برگەکانی قانوونی بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا دیتەوە. مادەکانی ٢٦، ٢٨و٨٩ی پەسندکراوی ساڵی ١٩٨٢دا بە ڕوونی باس لەو مەسەلە دەکا و لەو سی ماددەیەدا باس لە زمانێک دەکا کە قەدەغە کراوە کە ئەویش زمانی کوردییە و دەڵێ: زمانیک کە قانوون مەنعی کردوە نابێ و قسەی پێ بکرێ و لە رۆژنامە و چاپەمەنییەکاندا کەڵکی لێ وەربگیردرێ و هیچ حیزبێکی سیاسی ناتوانی بێجگە لە زمان و فەرهەنگی تورکی بەرگری و داکۆکی لە زمان و فەرهەنگێکی دیکە بکا و ناتوانی ویستیاری پێکهێنانی کەمینەکان لەنێو سنوورەکانی ئێمەدا بێ و یا یەکگرتوویی میللیی ئێمە تێک بدا.

هەموومان باش دەزانین تورکیە زیاتر لە ٨٠ ساڵ سیاسەتی حاشاکردن لە نەتەوەی کوردی گرتەبەر، بەڵام نەیتوانی هەتا سەر لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بێ و ناچار بوو دان بەوەدا بنێ کە بەشێک لە نەتەوەی کورد لە تورکیە هەن، ئەگەرچی ئەو دانپێدانانە هەتا ئیستا نەچۆتە نێو قانوونی بنەڕەتی و زیاتر لەسەر زار و زمانی بەرپرساندا دەکرێ و دێتە گۆرێ.

 

کورد لە قانوونی بنەڕەتیی سووریەدا

لە کاتی دروستبوونی سووریەوە هەتا سەردەمی ئیستا هیچ کام لە دەسەڵات و دەوڵەتەکان دانیان بە بوونی نەتەوەی کورد لە وڵاتە دانەناوە و هەموو کات هەوڵیان داوە کورد بە میوان و کۆچەری و هەڵاتوو پێناسە بکەن. بە تایبەت لەوکاتەوە کە حیزبی بەعس دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتوە فشاری زۆرتر خراوەتە سەر کورد. کورد لە سووریە زمانەکەی قەدەغە کراوەو حاشاکردن لە کورد لەو وڵاتە ئەو کاتە گەیشتە لوتکەی خۆی کە لە ڕۆژاوای کوردستان نەوت دۆزرایەوە. لەساڵی ١٩٦٢ دەوڵەتی سوریە لە کوردستان دەستی کرد بە سەرژمێرێ بەو مەبەستە کە لە ڕێگەی قانوونەوە کورد لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش بکا، چونکە کوردەکان دەبوایە بیسەڵمێنن کە لە ساڵی ١٩٥٣وە لەو ناوچەیە دەژین کە سەلماندنی ئەوە پێویستیی بە دێکۆمێنت هەبوو کە زۆربەی کوردەکان لێی بێبەش بوون، هەر بۆیە بە هەزاران کورد لەو وڵاتە لەسەر خاکی خۆیان بێ ڕەگەزنامە مانەوە و لە مافە سەرەتاییەکانی ژیانیش وەک خوێندن و هەلی کار و مافی کرین و فرۆشتنی زەوی و زار بێبەش کران. ئەوان تەنانەت ئیزنیان نەبوو بە شێوەی ڕەسمی ژیانی هاوبەشیش پێک بێنن کە ئەوەش هەر لە پێناو بێبەشکردنی منداڵانی ئەو بنەماڵە کوردانە لە مافی هاووڵاتیبوون دەکرا. بە پێی مادەی ٣، فەقەرەی ج لە قانوونی مەدەنیی سوریە؛ «ئەو منداڵانەی لە دایک و باوکێکی بێ ناسنامە یا ناڕوون لە دایک دەبن دەتوانن ببنە خاوەنی ڕەگەزنامەی سووریە، بەڵام ئەو قانوونە کوردەکانی نەدەگرتەوە هەر بۆیە بە هەزاران کورد لەو وڵاتە بێ ناسنامە مانەوە و بەو شێوەیە لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی  مرۆیی و هاووڵاتیبوون بێبەش بوون.

 

مافەکانی کورد لە عێڕاقدا

لە قانوونی بنەڕەتیی عیڕاقدا لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتی حیزبی بەعس دانیان بە بوونی کورد وەک نەتەوە دانابوو، بەڵام هەر لە ماددەی یەکەمدا دەڵی عێراق بەشێکە لە نیشتمانی عەرەبی کە ماناکەی ئەوە بوو شوێنێک بە ناوی کوردستان لەو وڵاتەدا نییە و ئەو خاکەی کوردی لە سەر دەژی، خاک و نیشتمانی عەرەبییە. ئێستا لە دوای نەمانی دەسەڵاتدارەتیی حیزبی بەعس و دامەزراندنی دەوڵەتی فیدرالی لە قانوونی بنەڕەتی ئەو سیستمەی ئیستادا بە ڕوونی باس لەوە کراوە کە عێراق پێک هاتووە لە نەتەوە و دین و مەزهەبی جیاواز و عێراق بەشێکە لە دنیای ئیسلام و نەتەوەی عێراق بەشێکە لە ئۆممەتی عەرەبی. لە بەشی دووهەمی ماددەکەدا بەئاشکرا کورد و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەکا بە بەشێک لە نەتەوەی عەرەب، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قانوونی بنەڕەتیی ئێستای عیراق کۆمەڵێک مافی داوە بە کورد وەک یەکیک لە دوو پێکهاتەی سەرەکیی عێراق. هەڵبەت لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا ئەوەی کاری پێ نەکراوە قانوونی بنەڕەتی بووە لەو وڵاتەدا و پێکهاتەی شیعە کە زۆرینەی عێراق پێکدێنن، لە ڕێگەی پارلمانەوە وەک نوێنگەی قانوون زۆرتر کاریان ئەوە بووە دەسەڵاتی خۆیان بەربڵاوتر بکەن و بیر و ئەندێشەی خۆیان بێننە نێو قانوونەکانی عێراق، بە واتایەکی دی و لە ئاکامدا ئەوەی دەیبینین ئەمەیە کە لەبارەی کورد و مافەکانی هەر هەمان تێڕوانینیان هەیە کە حیزبی بەعس هەیبوو.

بەو خوێندنەوە کورتەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێ کە سیاسەتی دەوڵەتانی زال بە سەر کوردستان هەر چەند لە شکل و ڕوخساردا وەک یەک ناچن، بەڵام ئامانجی هەمووان لەسەر مەسەلەی کورد ومافەکانی یەکە و تەنیا مەبەستیان ئەوەیە کە لە هەر رێگایەکی مومکین کە بۆیان دەست بدا، کورد لە نێو خۆیاندا بتوێنەوە هەر بۆیە ئینکاری کورد و مافەکانی بە قانوون دەکرێ بۆ ئەوەی لە نێو خۆی وڵاتەکاندا هەر کردەوەیەکی مافخوازانە بە پاساوی قانوون سەرکوت بکەن و بە بیرورای گشتیی خۆشیان بڵێن ئەوانە دژی قانوون جوڵاونەوە و لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا دەست لە سەر ئەو خاڵە دابنین کە خەڵکی ئەو وڵاتە بە هەموو پێکهاتەی یەک میللەتە و هەر بۆیە ئەو مەسەڵانەی کە ڕوو دەدەن پرسی نێو ماڵی خۆمانە و بە ڕێگەی قانووندا چارەسەریان دەکەین، بابەتێک کە هیچ وانییە و جەبری مێژوو بەسەر کوردیدا سەپاندوە.

 ( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)