به‌رنامه‌کانی روژ
شه‌ممه‌
هەواڵەکان14 / 7 / 2018
روانینی رۆژ14 / 7 / 2018
گۆرانی کوردی 14 / 7 / 2018
سیمینار14 / 7 / 2018
اخبار14 / 7 / 2018
هەواڵەکان7 / 7 / 2018
روانینی رۆژ7 / 7 / 2018
یه‌ک شه‌ممه‌
دوو شه‌ممه‌
سێ شه‌ممه‌
چوار شه‌ممه‌
پێنج شه‌ممه‌
هه‌ینی
رادیۆ دەنگی کوردستان
بەرنامەی هەینی ٢٠٠٧٢٠١٨
بەرنامەی پێنج شەممە ١٩٠٧٢٠١٨
بەرنامەی چوار شەممە ١٨٠٧٢٠١٨
بڵاوکراوه‌کان
به‌یاننــــــا‌مه‌و راگه‌یه‌نراو
پەیامی هاوخەمیی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كورستانی ئێران بە بۆنەی رووداوی شاری سنە
ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەبۆنەی ۲۹مین ساڵیادی تیرۆری د.قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەن
هه‌ڵبژارده‌
روانینی رۆژ -جمهوری ترور
پرسی رۆژ - دووهەمین دانیشتنی شوورای دێموکراسی خوازانی ئێران میوانی بەرنامە : کاک خالید حەسەنپوور ئەندامی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان / ئاڵمان
اقتصاد پاشنە آشیل حکومت
دیداری تایبەت - دیداری تایبەت لەگەڵ د. ئاسۆ حەسەن زادە جێگر سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌واڵه‌کان
ئەمن و وەرزی بەهار
هەیاس کاردۆ
5 / 4 / 2018

چونکە لەبەهاردا لەدایک بووم ناچارم بەهارم خۆش بوێ. بە قسەی دایکم کاتی چەوەندەر هەڵقەندنەوە و لەژێر تەزووی پایزێکی زوقماویدا چاوم بە دنیای ڕوون هەڵێناوە، کەچی ناسنامەم دەڵێ یەکەم مانگی بەهار وەک دوا میوانی بنەماڵە حەوت کەسییەکە قولینچکێکی ژوورێکی تاریک و تنۆکم بۆ دیاری کراوە. لەو کاتەوە ڕەنگی بەهارییم گرتوە و دەگەڵ وەرزی بەهار منیش زیندوو دەبمەوە. ئەگەر ڕاستییشتان بوێ زۆر وەک بەهار ناچم. بەهار وەرزی ڕاسان و خڕۆشان و لافاو و هەورە تریشقە و کۆلکە زێڕینەیە، کەچی من مات و بێدەنگ وەک سوورەتاوی هاوینی چەقبەستووم.  

بەهارم هەر بۆیە خۆش ناوێ چونکە خۆمی تێدا دروست کراوم، بۆیەشم خۆش دەوێ چونکە باوکم وەبیر دێنێتەوە. لەتایبەتمەندییەکانی باوکم زوو تووڕە بوونی بوو. بەتایبەت کاتی بەهاران کە هەور دەیگرماند و تەرزەی دادەبارند، بابم لەدین دەهری دەبوو، یەک بەخۆی هاواری دەکرد، جنێوی دەدا و بەهەرچی وەدەستی کەوتبا وەردەگەڕا تەرزەکان. بابم شێت نەبوو، زۆریش ساغ و سروشتی بوو. ئەو خەمی ئەو نیسکە گەنمەی بوو کە پاییزی ڕابوردوو چاندبووی و بەهیوا بوو کۆتایی بەهار بیدروێتەوە و قەرزەکانی پێ بداتەوە، کەچی تەرزە لێی دەکردەوە هیچ. جا هەتا بەهار و گرمەی هەور و بارینی بەخوڕ دەبینم ئەو بیرەوەرییانەم بۆ زیندوو دەبنەوە و سیمای بابم دێنەوە بەرچاو.

دیسان بەهارم زۆر خۆش دەوێ چونکە قۆڕغی «قەرەگۆل» و «قامیشەڵان» و «جەگەن» و «سێسوو»ی نێو ئەو قۆڕغە و هێرشی منداڵان بۆسەر هێلانەی مراوی و باڵندەکانی دیکەی نێو ئەو قامیشەڵانە و بەتاڵانبردنی هێلکەکانیانم وەبیر دێنێتەوە. هەموو ئەو دیمەنانەی کە ئەوکات خۆشییەکانی ژیانم بوون، ئێستا بوونەتە گرێ لەسەر دڵم و بەرم نادەن. لەخەیاڵمدا قۆڕغی قەرەگۆل و مەزرای «چەکووراوا»ی نێو ڕۆمانی حەمەدۆک وەک یەک دەچن و ئەوەش تەزوویەکی خۆشم دەلەشی دەگێڕێ. ئاخر حەمەدۆک و داستانی ڕاپەڕێنەکەی و ئەو دیمەنانەی شوێنی هاتوچۆی بوون دایمە لەگەڵم دەژین. جا بۆیە هەر دەبێ بەهارم خۆش بوێ چونکە وێکچوونێکی سەیر لەنێوان قامیشەڵانی قۆڕغ و مەزرای چەکووراوا دەبینم کە ئەوەش لەبەهاردا خۆی وەدیار دەدا.

ئەمن هەر دەبێ بەهارم خۆش بوێ چونکە منی کردە خاوەن بنەماڵە. لەم وەرزە خۆشەدا بوو کە دەگەڵ هاوژینی دواترم پەیمانی یەکتر دەئامێز گرتنمان بەست و چوارچێوەیەکی چووکەمان بۆخۆ پێکەوە نا. لەکۆتاییەکانی بەهارێکی خۆش، لەگوندێکی لیپاولیپ لەجوانکاریی ناوچەیەکی سەرسەوزی ئەم کوردستانە دڵگیرە من و هاوژینم دەنێو لیباسی پیرۆزی پێشمەرگایەتیدا گرێبەستی هاوژینی و درێژەی ڕێگایەکی هاوبەشمان مۆر کرد. پەیمانێک کە هیچ گێژاوێک نەیتوانی پێمان هەڵوەشێنێتەوە و هیچ نەهامەتییەک درێژەی ڕێگای هاوبەشمانی پێ نەبەسترا.

ئاخ کە بەهار داغی گرانیشی بەسەر دڵییەوە ناوم و خۆشەویستی وای لێ ئەستاندووم کە جێگایان هەتا ئێستاش پڕ نەبوەتەوە. هێشتا حەوتوویەک لەئیمزای پەیمانی هاوژینیی من و هاوسەرم تێنەپەڕیبوو کە یەک لەخۆشەویستترین دۆستان و هاوسەنگەرانم، برایمی سالیک (سیاوەش) کە برازاوا و تەنیا شاهیدی مارەکردنەکەش بوو لەشەڕێکی قارەمانانەدا گیانی بەخشی. بەو بیرەوەرییە تاڵەوە من نەدەبوو بەهارم خۆش بوێ، بەڵام وەبیر هاتنەوەی سیمای پڕ لەخۆشەویستیی ئەو دۆستە پاڵم پێوە دەنێ لەدرێژەی ڕێگا ماندوو نەبم و بەداهاتووی خەبات هیوادار بمێنمەوە. هەربۆیە بەهارم خۆش دەوێ.

بەهارم هەر بەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە خۆش ناوێ. بەهارم خۆش دەوێ چونکە سەرفەسڵی ژیانەوە و هەستانەوەیە. سەرەتای تێهەڵچوونەوە و بەگژ نەهامەتییەکانی ڕۆژگاردا چوونە. بەهار کە وەرزی سەوزایی و زیندوو بوونەوەی زەوییە، مزگێنیدەری نەمانی سەخڵەتی و چەقبەستوویی زستان و سەرما و ڕێگەابەندانیشە. بەهار پێمان دەڵێ پاش هەر کەوتنێک هەستانەوەیەک هەیە، دوای هەموو تاریکەییەک ڕووناکایی بەدی دەکرێ و کۆتایی هەر شەوێک گزینگی بەیانییە. منیش کە بڕیاڕم داوە پاش هەر کەوتنێک هەستمەوە، دەبێ بەهار بکەمە سەر مەشقی ژیان و دەگەڵی بژیم و خۆشم بوێ.

ژیانتان هەر بەهاری بێ.

 ( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)