به‌رنامه‌کانی روژ
شه‌ممه‌
هەواڵەکان22 / 9 / 2018
دیداری حەوتوو22 / 9 / 2018
بۆنه‌ و رێوره‌سمه‌کان22 / 9 / 2018
اخبار22 / 9 / 2018
بیانیه و اطلاعیه22 / 9 / 2018
وتەکان22 / 9 / 2018
وتەکان22 / 9 / 2018
یه‌ک شه‌ممه‌
دوو شه‌ممه‌
سێ شه‌ممه‌
چوار شه‌ممه‌
پێنج شه‌ممه‌
هه‌ینی
رادیۆ دەنگی کوردستان
بەرنامەی چوار شەممە ١٩٠٩٢٠١٨
بەرنامەی سێ شەممە ١٨٠٩٢٠١٨
بەرنامەی دوو شەممە ١٧٠٩٢٠١٨
بڵاوکراوه‌کان
به‌یاننــــــا‌مه‌و راگه‌یه‌نراو
نامەی سەرئاوەڵا بۆ سەرۆکی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
سوپاس نامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان !
هه‌ڵبژارده‌
سوپاس نامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان !
خۆپیشاندانی کوردانی دانیشتووی نۆروێژ بە دژی هێرشی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر قەڵای دێموکرات
کۆریادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان لە فینلاند
تقدیرنامەی دفتر سیاسی حزب دمکرات کردستان
هه‌واڵه‌کان
خەونەکانی بەر باران
ڕزگار ئەمین نژاد
6 / 7 / 2018

نازانم بەدەنگی باران بوو لە خەو هەستام یا بەدەنگی شۆڕەشۆڕی شێرەی ئاوەکە، ڕەنگە ئەو خەونە شوومە دایچڵەکاندووم. نازانم، بەڵام لە بیرمە خەونم دەبینی، خەونێکی یەکجار سەیر. لە خەونەکەما باران دەباری و کەچی هەور بە ئاسمانەوە نەبوو. خۆر بە تاقی ئاسمانەوە وەک تۆپێکی کریستاڵی دەبریسکایەوە و باران تەڕی دەکرد. لە قوتابخانەوە بەرەو ماڵ هەڵدەهاتم، باران بەخووڕ دەباری، بەدەم ڕێگاوە گۆرانیم دەگوت، لە خۆشیانا لەبەر ئەو بارانەدا هەڵدەبەزیم کەچی تەڕ نەدەبووم. زۆر کەیفخۆش بووم، وابزانم لەبەر ئەوە بوو کە بەیانی ڕۆژی پشوودان بوو. ئێوارانی پێش ڕۆژی پشوودان هەمیشە دڵخۆشم دەکه‌ن. لە خەونەکەمدا شتی دیکەشم بینی، بەڵام ناوێرم باسی بکەم. دایکم دەڵێ: «ئەگەر خەونی ناخۆشتان بینی، بۆ کەسی مەگێڕنەوە. قامکتان بخەنە بەر شێرەی ئاوەکە و بەدەنگێکی نزم خەونەکەتان بگێڕنەوە با ئاو بیبا». وەها نزم کە تەنانەت بۆخۆشم گوێم لێ نەبێ.

دایکم ئێستا بەسەر شێرەی ئاوەکەدا کۆم بۆتەوە و قامکی گرتۆتە بەر ئاوەکە. ئاوی شێرەکە وەک سەهۆڵ ساردی ساردە. ڕەنگە قامکی هێندە سڕ بووبێ کە لەبیری چووبێتەوە شێرەی ئاوەکە بگرێتەوە. لەبن خۆیەوە ورتەورتیەتی و وەک سێبەرێکی هەراسان بە ژوورەکەدا دەگەڕێ. گوێم لە هیچ نابێ، وابزانم بۆخۆشی دەنگی خۆی نابیستێ. ئەم ماوەیە هەموومان خەونی ناخۆش دەبینین و نیوەشەوان چەندجار ڕادەچڵەکین، بەڵام لە ترسی دایکم کەس ناوێرێ خەونەکەی بگێڕێتەوە. جاران خەونەکانمان چیرۆکێکی خۆش بوون، نۆرە بەنۆرە بۆ یەکترمان دەگێڕایەوە. هێندێ جار چیرۆکی خەونەکانمان درێژتر و بەتامتریش دەکرد. خەونگێڕانەوەکانی ئەو ساڵانە وەها درێژ دەبوونەوە کە زۆر جار گومانمان دەکرد کە داخوا خەون بوو بینیمان، یاخۆ خەونمان دادەهێنا. ئێستا ئیتر ئەگەر بوێرین خەونەکانیشمان بگێرینەوە، لە ترسانا وەهای کورت دەکەینەوە کە خورپە نەچێتە دڵی دایکمان.

شەوان کە لێفەکەم بەسەر خۆمدا دەدا، تەمەننای خەونێکی خۆشم دەکرد کە لە خەونی خوشک و براکانم خۆشتر بێ. تەمای خەونبینین وای لێ دەکردین کە زووتر بچینە نێو جێگا، چاوەکانیشمان وەها دەقونجاند کە لەبیرمان دەکرد گڵۆپی ژوورەکە بکووژێنینەوە و دواجار بەو ئاواتەوە خەومان لێ دەکەوت. دایکم دەیکوت: «خەو وەک مردن وایە، کاتێ تێدەگەی خەوتووی کە بەئاگا دێیتەوە. دەنا هەر وەک مەرگ وایە، مەرگێکی کاتی». بەڵام هەموو خۆشییەکانی ئەو مەرگە کاتییە لە خەون بینینەکەیدا بوو. من ئەو کات بڕوام هەبوو خەویش مردنە و دڵنیاش بووم مرۆڤ لەکاتی مەرگدا خەون دەبینێ. خەونی مەرگەسات وەها خۆشە کە مرۆڤ دەسبەرداری نابێ و نایهەوێ بەئاگا بێتەوە. ئێمە بۆیە بەئاگا دێینەوە چوونکە خەونەکانمان بە نیوەچڵی دەبینین، رازی نابین، هەڵدەستینەوە تاکوو شەوێکی دی خەونێکی زۆر زۆر خۆشتر ببینینەوە، لەو خەونانەی تەزووی بەتام ئەدا بە ڕوح و وای لێ دەکا جەستە جێ بێڵێ. دڵنیام ئەگەر ڕۆژێ خەونێکی وەها خۆش ببینم، قەت ئارەزووی هەستان نەکەم، وەک داپیرە کە لەکاتی گیانەڵڵادا چاوی لە درگاکە بڕی و گوتی: «ڕۆڵە حەیا بتانگرێ، ئەوە حاجییە لەبەر درگا وەستاوە، بۆ لەبەری هەڵناستن؟» دواتر چاوەکانی لەسەر یەک دانا و زۆری نەخایاند خەوی لێکەوت، خەوێکی ئەبەدی. ئەو هەموو شین و شەپۆڕ و خۆکوتانەش نەیتوانی لە خەوی هەستێنێ. فێنکایی خەونە خۆشەکەی باپیرم وای لە داپیرەی داماو کرد کە ئیتر ئارەزووی هەستان نەکاتەوە.

ئێستا ئیتر هەر من و دایکم بە ئاگا نین، هەموومان بە دەنگی لێدانی درگاکە داچڵەکیوین. خەو لە چاومان پەڕی و دایکم وەک شۆڕەبییەکی کز لە نێوەڕاستی ژوورەکەماندا دەلەرزی و هێزی ئەژنووی نەبوو بچێ درگاکە بکاتەوە. ناڵەی درگا و گرمەی هەورەتریشقە لەو حەوشە تاریکەدا دەنگی دەدایەوە. ترسابووین، زراومان چووبوو. دایکم گوتی: «ئەرێ ئەمشەو کەی ڕۆژ دەبێتەوە، خوایە گیان؟» منیش لە بن لێفەکە بیرم لەوە کردبۆوە کە بۆچی ئەمشەو هێندە درێژە و بنی نایە؟ زۆر دەترسام خۆر جارێکی دی هەڵنەیەتەوە و خەونێکی زۆر زۆر خۆشی بە شەوەوە بینیبێ کە تەمای هەستانەوەی لەبیر چوبێتەوە. کە درگا کرایەوە، حەوشەکەمان پڕ بوو لە پیاو، پیاوی باڵا بەرز، پیاوی قەڵەو، پیاوی کز، پیاوی سمێڵ زل، پیاوی پیر، پیاوی کورتەباڵا، پیاوی خوساو و پیاوی قوڕاوی. پیاوانی ئاوایی بە پانەوە خۆیان بە حەوشەکەماندا کرد و لەبن ئەو بارانەدا دایکمیان گەمارۆ دا. ئەو هەموو چاوە لە تاریکایی حەوشەکەدا بز بز وەک چاوی گورگ دەبریسکانەوە.

باران دەباری، بەخوڕ دەباری. ڕەنگە بارانیش خەونێکی خۆشی بە عەرزەوە بینیبێ کە تەمەننای بڕانەوەی نەدەکرد. بە گۆزە دەهاتە خوار و هەورەکان تا دەهات چڕتر دەبوون. کە دایکم خۆی بەژوورەکەدا کرد بە خوشکە گەورەکەمی کوت: «ئاگات لەو چەتیوانە بێ، درگا لەکەس نەکەیتەوە!» ئەوجار دەستی من و براکەمی گرت و بەدوای خۆیدا پەلکێشی کردین. کاتێ لە حەوشە دەرکەوتین هەر شەو بوو، ئەنگووستەچاوێک بوو کە لە تاریکیش تاریکتر بوو و بارانیش تا دەهات تووندتر دەبوو. لەگەڵ ئەو پۆلە پیاوەدا بەرەو جادەکە هەڵگەڕاین. لەوێ سواری دوو دانه‌ «سێ ئێف» بووین. دایکم نەدەگریا و منیش پێم سەیر بوو. تەنانەت ترسەکەشی نەما. وەک کۆخێکی چۆڵ دەچوو دوور لە ئاوایی، کۆخێکی تاریک، کۆخێك پڕ لە سۆزی تەنیایی. لەبەر خۆیەوە دەیکوت: «ئەوە چ خەونێک بوو بینیم خوایە گیان؟»

ساڵان چیرۆکەکانیشمان بە خەونەوە دەستی پێ دەکرد. کاکە مەم لە خەوندا عاشقی زین بوو، بەڵام خەونەکەی زین بە نیوەچڵی کۆتایی هات بۆیە مەم لە خەو هەستا. خواش زۆرجار دەچووە خەونی پێغەمبەرەکان و قسەکانی خوا بە زمانی خەون دەگێشتە ئیماندارەکان. جارجار خواش دێتە خەونی ئێمە. خەونە خێرەکان خەونی خوایین، بەڵام خۆی پیشانمان نادا، قسەش ناکا، لە شوێنێکی خەونەکانمان هەیە و نییە. سەرم دەرنەدەکرد، گێژ ببووم و نەمدەزانی بۆچی مەرگ و خەو، خەون و خوا، وەها لە یەک نزیکن. حەزم دەکرد لەم کاتەدا خەوم لێ بکەوێتەوە و دونیا لە خەونێکی زۆر زۆر خۆشدا ببینم. خەون بە هەتاوێکەوە ببینمەوە کە وەک تۆپێکی کریستاڵی لەبن باراندا تەڕ دەبێ، من گۆرانی بڵێم، سبەینێش قوتابخانە داخرابێ و ئاسمان هەوری پێوە نەبێ. حەزم دەکرد خەونەکەی ئەمشەو لەسەرڕا ببینمەوە، بەڵام نەگەمە کۆتایی خەونەکە  و بەئاگا بێمەوە.

لە نزیک سنوور ماشینەکان ڕایانگرت. ئێمەش لەگەڵ ئەو هەموو پیاوە دابەزین و بە کێوێکدا هەڵگەڕاین، ڕێگایەکی سەخت و هەڵدێرێکی ترسناک بوو و منیش چەند دەترسام. کات بە لارەلار بەرەو ڕووناکی هەڵ دەکشا، بەڵام هەورەکان تا دەهاتن چڕتر دەبوونەوە و بارانیش هەدادانی نەبوو. هەستم کرد وەک خەونەکەم لە بن ئەو بارانەدا تەڕ نابم. چاوم بە ئاسماندا دەگێڕا بەشکه‌م خۆر وەک تۆپێکی کریستاڵی ببینم کە باران تەڕی دەکا. لە کێوەکە ئاودیو بووین و سەربەرەو خوار داگەڕاین تا گه‌یشتینە شیوێکی پڕ لە ئاو. لەودیو شیوەکە کۆڵێک کەوتبوو و لەو تاریک و ڕوونەدا وەک وێرانەی قەڵایەکی چۆڵ دەچوو. شتەکانی بەملاولای کۆڵەکەدا بڵاو ببوونەوە و قوڕاوی بوون. کە نزیکتر بووینەوە چاومان بە پیاوێک کەوت، پیاوێکی هیلاک کە لەتاو ماندوویه‌تی خەوی لێکەوتووە و بەسەر شیوی ئاوەکەدا کەوتبوو. وابازنم خەونی دەبینێ، لەو خەونانەی کە زۆر زۆر خۆشن، تەزووی بەتام ئەدەن بە ڕۆح، وەک هەڵم سووکمان دەکا و بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێین، لەو خەونانەی نیوەچڵ نین و تەمای هەستانەوەمان لێ دەبڕێ. بە ئارامی لەسەر دەم ڕاکشا بوو. باسکی وەها درێژ کربۆوە کە دەتکوت قامک بۆ ئاوی شیوەکە دەبا. خاڵیکی تۆخ لەسەر تەختی پشتی دیار بوو و چوار دەوریشی سووری سوور هەڵگەڕابوو، وەک بەشی کۆتایی خەونەکەی دوێشەو؛ لە خەونمدا باوکم لە گۆمێکی خوێناویدا مەلەی دەکرد، بانگی دەکردم، پێ دەکەنی و دەیگوت: «وەرە کوڕم، مەترسە. وەرە بۆلای باوکی خۆت با فێری مەلەت بکەم!»

دایکم بە بازێک لە شیوەکە پەڕییەوە، چووە سەر کۆڵەکەی باوکم و شتە قوڕاوییەکانی دەوروبەری کۆ کردەوە. کۆڵەکەی دا بە پشتیدا و بە پیاوەکانی کوت: «هەڵیگرن، پەلە بکەن دەی  تا یەکدوویەکی دیکه‌یان لێ نەکوشتووین.» دایکم نەدەگریا و منیش زۆرم پێ سەیر بوو، نازانم چۆن دەیتوانی ئەو کۆڵە قورسە هەڵگرێ و بەم شاخە سەختەدا هەڵگەڕێ. دایکم ئیتر ئەو شۆڕەبییە کزە نەمابوو کە دوێشەو لە چەقی ژوورەکەماندا هەڵدەلەرزی، ئێستا ئیتر وەک ئەو کاریتەیە دەچێ کە بانی ماڵەکەمانی ڕاگیر کردووە. کاریتەیەکی وشک، ڕەق، کۆم، بێورتە و تادێ  پیرتر. پیاوەکانیش بە پەلە و بە چوار دەستان باوکمیان هەڵگرت و لێ نەگەڕان قامکی بگاتە ئاوی شیوەکە. باران بە لێزمە دەباری، ئێستا ئیتر هەوریش دەباری و ئاوا بڕوا ڕەنگە ئاسمانیش درزی تێکەوێ و وەک شوشەی شکاو بەسەرماندا هەڵوەرێ. سەرم دانەدەگرت و بەدەم ڕێگاوە هەر چاوم بۆ تۆپێکی کریستاڵی دەگێڕا لە ئاسماندا کە باران تەڕی بکا، بەڵام هیچ دیار نەبوو.

لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)