به‌رنامه‌کانی روژ
شه‌ممه‌
هەواڵەکان13 / 10 / 2018
دیدگاە روز 13 / 10 / 2018
روانینی رۆژ13 / 10 / 2018
اخبار13 / 10 / 2018
فیلم و دیکومنت13 / 10 / 2018
خوەر نیشان 12 / 10 / 2018
هەواڵەکان11 / 10 / 2018
یه‌ک شه‌ممه‌
دوو شه‌ممه‌
سێ شه‌ممه‌
چوار شه‌ممه‌
پێنج شه‌ممه‌
هه‌ینی
رادیۆ دەنگی کوردستان
بەرنامەی سێ شەممە ١٦١٠٢٠١٨
بەرنامەی دوو شەممە ١٥١٠٢٠١٨
بەرنامەی یەک شەممە ١٤١٠٢٠١٨
بڵاوکراوه‌کان
به‌یاننــــــا‌مه‌و راگه‌یه‌نراو
راگەیندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مانگرتنی گشتی مامۆستایانی قۆتابخانەکان
راگەیندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی "هیدایەت عەبدوڵلاپوور"
هه‌ڵبژارده‌
رێژگە - شامی ، قاموسێک لە زماندا
عشق و امید بە زندگی ـــ کنفرانس شیکاگو
دیدگاە روز - بیایید با ‌هم صدایی توطئەهای جمهوری اسلامی راخنثی نماییم
مێژووی بەهایییەکان
هه‌واڵه‌کان
ئەخلاقی نەتەوە، دیالۆگی ڕووناکبیری و بزووتنەوەی سیاسی کورد لە رؤژهەلات
خالید خەیاتی
8 / 10 / 2018

سەرەتا

بە هەمان ئەندازە کە ڕەوشی ئاڵۆز و نالەباری ئێستایی ئێران لە ئاستی سیاسەتی نێوخۆیی، هەرێمی و نێونەتەوەیی وەکوو فاکتەرێکی سەرەکیی هیوابەخش، کەوتۆتە نێۆ لێکدانەوە و حیساباتی تاکی کورد، بە هەمان ئەندازەش سێناریۆ چاوەڕوانکراوەکانی پەیوەندیدار بەم ئاڵۆزێیە ئێرانییە، زەرووتی پێداچوونەوە یان نوێکردنەوەیەک لە ئاستی تیۆریی سیاسی و پراکتیکی ڕێکخراوەیی کوردی لەلایان خەباتکاران و ڕووناکبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرجەستە دەکاتەوە. بە خویندنەوەی من پانتایی مەیدانیی ڕووناکبیری کورد، ئەمڕۆکە بەرینتر لە هەر سەردەمێک، لە ئاکادیمیسییەن و خوێندکاری زانکۆکان ڕا بگرە هەتا شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ، خەباتکاری سیاسی، ژینگەپارێز، ڕۆژنامەنووس، هەڵسووڕاوی مافی ژن، کارمەند، و کاسبکاری ئاسایی لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. ئەم جۆگڕافیا ڕووناکبیرییە کە کوردستان و دیاسپۆڕای کورد بە یەکەوە دەبەستێتەوە، خاوەن داینامۆ و وزەیەکی هزری و پراکتیکی بەهێزە کە بە ڕێگای کورتە پەیام و دەقی جۆربەجۆر تێگەیشتن و خوێندنەوەکانی خۆی لە پراکتیکی سیاسیی کورد، ئاراستەی ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات دەکا.

 

زەروورەتی گوتاری نەتەوەیی و میتۆدۆلۆژیی ڕووناکبیری کوردی

ئەم خوێندنەوانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا و زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا فۆڕمۆڵە دەکرێن، - بەبێ لە بەرچاوگرتنی هێندێک دەنگی ناشاز و ئاژاوەئامێز- هەڵگڕی سێ تایبەتمەندی ڕوونن: (١) دەڕبڕی تیگەیشتنێکی سیاسیی وردبینانەن و بەم پێیەش گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و کارتێکەریی ئەم گۆڕانکارییانە لە سەر پرۆژەی سیاسی کورد و زەروورەتی نوێکردنەوەی تیۆری و پڕاتیکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخەنە بەر باس. (٢) هەڵگری بارێکی ئێتیکی/ئەخلاقی و ڕووناکبیری بەهێزن، چونکە ڕاستەوخۆ پێداگری لە سەر شەفافییەت، لێبوردەیی، هاوپەیمانی، هاوڕێیەتی، بەها و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی، یەکگرتوویی، هاوخەباتی، سەربەخۆیی فیکری، توانایی هزری و مەعریفەناسی دەکەن. لەم پەیوەندییەدا، دەقنووسانی کورد، سادقانە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕیسکە شاراوەکانی ڕاسیسم و نیژادپەرەستی دوور دەخەنەوە و پێگەی حەڕەکەتێکی مافخوازانەی گەردوونیی پێ دەبەخشن. لەم ئاراستەیەدا خەباتکار و ڕووناکبیری کورد لە ئاکامی حەولێکی بێ وچاندا، گەشەیەکی بەرچاوی مەعریفی و شارەزایی بە سەر میتۆد و چەمکەکانی تیۆریی سیاسی بۆخۆی دەستەبەر کردووە، دیاردەیەک کە پێگەی ئەو لە بەرامبەر ڕووناکبیرانی نەتەوەی باڵادەست، - کە گەڵێک جاران لە جیاتی ئەخلاق و هزر، سیاسەت بازی، سەفسەتە، گێرەشێوێنی، شینگێڕی ئاشکرا بۆ دەستەڵاتی زاڵ، بۆختان کردن، یاریکردن بە وشە، ڕاسیسمی شاراوە و خۆ بە زلزانین، خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی ... دەکەنە پیشەی خۆیان – بەهێز دەکا. (٣) ئەم کورتەپەیام و دەقانە، هەروەها پشت ئەستوورن بە ناسینەوەی چەشنێک لە حەقیقەتێکی جیاواز کە لە هەیبەتی کوردی ڕۆژهەڵاتدا بەدی دەکرێ، حەقیقەتێک کە لە شکڵی پەیامێکی گەردوونیدا، زەقکەرەوەی حەولێکی بێ پسانەوە و خوێناوی نەتەوەیەکن بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی جیاواز کە تەنیا بە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی موعادیلەی ئیستیعماری و کۆڵۆنیالیستی هەنووکەیی ئێرانی و لە ئاکامدا دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی وەکوو مافێکی گەردوونی بۆ هەمان نەتەوە کۆتایی دێ. لە پێناو خۆڵقاندنی ئەم حەقیقەتە، کوردی ڕۆژهەڵات نموونەی وەکوو مۆبیلیزاسیۆنی نەتەوەیی یارمەتی گەیاندن بە قوربانیانی بوومەلەرزەی ساڵی 1396 و مانگرتنی سەرانسەریی 21ی خەرمانان پەیامی خۆی و ئاراستەی هەموو جیهان بە گشتی و ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی سیاسیی خۆی بە تایبەتی دەکا. ئەم پەیامە لە هەمان کاتدا دەربڕینێکە ڕوو لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد، یان بە واتەیەکی دیکە ڕاگەیاندنی سەرەتای مێژوویەکی تازەیە لە خەباتی سیاسیی کورد، مێژوویەک کە –هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا- زیاتر لە هەمیشە زەروورەتی هەبوونی دیسکورسی هێژمۆنیک، داڕژتنی تیۆری سیاسی تایبەتمەند و دەستەبەرکردنی پڕاتیکی سیاسی و ڕێکخراوەیی سەردەمیانە بەرجەستە دەکاتەوە.

بەردەوامی غیابی گوتاری نەتەوەیی هێژمۆنێک و لاوازی تیۆریک نە تەنیا دەتوانێت دابڕانی سیاسی و پەڕتەوازەیی لە ئاستی پراتیکی ڕیکخراوەیی لە ناو ئێمە دا نۆڕمالیزە بکا، بەڵکوو لەوەش زیاتر، لە بەرامبەر نمایشتەکانی نەتەوەیی_ئەخلاقی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانایی تیگەیشتنێکی گشتگیری نابێ و لەسەر هەمان ئەساسیش ناتوانێ بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە وزە و توانایی هزری ڕووناکبیریی کوردی کەڵک وەربگرێ. هەر بۆیەش تیۆریزەکردنی ڕەوشی سیاسیی ئێستایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەنگاوی یەکەمدا دەستنیشانکردنی ڕەهەندە سەرکییەکانی خەباتی نەتەوایەتی و پڕاکتیکی سیاسیی پەیوەندیدار بە ئەستۆوە دەگرێ، کۆمەڵیک ئاکامی بەرچاوی دیکەی لێ دەکەوێتەوە. پێش لە هەموو شتێک، ئەم هەنگاوە یارمەتیی مرۆڤی کوردی رۆژهەڵاتی دەدا کە خۆی لە قەیرانی ناسنامە ڕزگار بکا، قەیرانێک کە بەرهەمی ڕاستەوخۆی سەرگەردانییەکە کە لە ئەساسدا حەڕەکەتی سیاسیی ڕۆژهەڵات لەر سەر دووڕێیانی بێ ئادرێسی نێوان کوردبوون و ئێرانیبوون ئەزموونی دەکا. لە ئاکامی دەستنیشانکردنی ڕەهەندە تیۆری و گوتارییەکانی بزووتنەوەی سیاسی لە گەڕانی خۆی بە دوای ولامی ئەم پرسیارە کە "گەلۆ کورد بەشێک لە نەتەوەی ئێران و پڕۆسەی سەقامگیڕی دەوڵەت_نەتەوەی ئەم وڵاتەیە یان ئەوەی کە خۆی نەتەوەیەکی جیاوازە بە چارەنووس و داهاتووی جیاوازەوە؟" وێنەیەکی ڕوونتری دەست دەکەوێ.

 

تیۆریی پەیوەندی کۆڵۆنیالیستی

یەک لەم تیزانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە نێو کورتەپەیامی خەباتکاران و دەقەکانی ڕووناکبیری کورد خۆی دەنوێنێ یان بە گوێرەی بیرمەندانی زانستی گوتار شانتال مووف و ئێرنێستۆ لاکلاو (٢٠٠١) خاڵی ناوەندی (Nodal point) گوتاری ڕووناکبیریی کورد پێک دێنێ، چەمکی موستەعمەرە یان کۆلۆنیی نێوخۆییە.

لە ڕوانگەی فەیلەسۆفی کۆنگۆییەوە ڤاڵنتەن-ئیو موودیمبە (Valentin-Yves Mudimbe 1988)  کە لە هەمان کاتدا، یەک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی شیکردنەوەی میتتۆدۆلۆژی کۆڵۆنیالە، مەرجەکانی موستەعمەرەبوونی وڵات یان نەتەوەیەک بە سێ تایبەتمەندی دەبەستێتەوە: (١) وڵاتی موستەعمەرە تووشی داگیرکاریی فیزیکی و جەستەیی دەبێ. (٢) وڵاتی داگیرکراو تێکهەڵکێشی بازاری وڵاتی داگیرکەر دەکرێ، ئەوەش لە کاتێک دایە کە وڵاتی موستەعمەرەکراو وەکوو هەڵگری ئابوورییەکی لاواز و لامژ دەبێتە بەرهەمهێنەری هێزی کاری زۆر هەرزان یان بێ بەرامبەر و بازار مەسرەفی بۆ کالاکانی نەتەوەی سەردەست. (٣)  تاکی سەر بە نەتەوەی موستەعمەرەکراو لە پێناو گەڕان بە دوای ناسنامەی خۆیدا بەردوام لە سەرگەردانی دایە. هەر وەک لە سەروە لە پەیوەندی لە گەل کەیسی کورددا ئاماژەی پێکرا، لەم دووڕێیانە تەماوییەدا، تاکی کۆڵۆنیزەکراو وەکوو ئۆبژەیەکی ئوقرە لێبراو، بەردەوام لە حەول دایە کە لە ئاستی کولتوور و ناسنامە لاسایی نەتەوەی سەردەست بکاتەوە، کە نە پێی دەگا و نە ڕیگای پێ دەدرێ پێی بگا ئەوەش لە حاڵیک دایە کە بۆ ئەم پێنەگەیشتنە بەردەوام لە لایان کولتووری بالادەستەوە سەرزنشت دەکرێ و سووکایەتی پێ دەکرێ. موودیمبە بە تایبەتمەندیی سێهەم دەڵێ" وشیاری دووفاقی" (Double Consciousness).

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان وکوو موستەعمەرەیەکی نیوخۆیی ئێرانی

لەژیر تیشکی تیۆریی پەیوەندی کۆڵۆنیال و لە پەیوەندی لەگەڵ پێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێراندا، دەتوانین بپرسین ئەوە چ شتێکی ئەم ئێرانەیە کە بەشێکی بەرچاوی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لە بەرامبەر گەورەترین پرسی میژوویی خۆیدا دوودڵ کردووە؟ ئەوە کام قۆناخە لە ڕابڕدووی مێژوویی ئەم وڵاتەیە کە کورد لە دروستکردنیدا بەشدار بووە؟ ئەوە کامە پردی پەیوەندیی کولتووری، زمانی و سیاسییە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر بنەمای بەشداریی یەکسان و مافی هاوبەش بە ناوەندی ئێران دەبەستێتەوە؟ ئەوە بەستێنی گوتاری ئێرانی بەهاخوڵقێنە و کام خەون و ئاسۆی پێکەوەژیانی داهاتووە کە ئەم جۆرەی بنێدێکت ئاندیرسۆن (Benedict Anderson 1936-2015) دەڵێ، بڕیارە ببێتە بنەمایەک بۆ پێکهێنانی "کۆمەڵگایەکی خەیاڵی"ی ئێرانی هاوبەش بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە؟ با نیشانەی ئازاری مێژوویەکی سەد ساڵە کە لە ئێراندا بە سەر کورددا سەپاوە لە سیمای کۆلبەرێکی بە تەمەنی کورددا ببینین. کۆڵبەری کورد وەکوو سەمبول و هیمایەکی زەق تەعبیرێکی ڕاستەوخۆ لە بە کویلەکردن یان موستەعمرەبوونی پانتایی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکا، کە سەرجەم حەوزە گشتییەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی کورد دەگرێتەوە. بە تێڕامانێکی وشیارانەی تێکەڵاو بە ویژدان بۆمان دەردەکەوێ، کە ئەمرۆ کورد وەکوو کاراکتەر یان بکەرێکی سیاسی لە چوارچێوەی جوگرافیای خۆیدا، لە هیچ یەک لە حەوزەکانی سیاسەت، ئابووری، زمان و پەروەردە، ژینگە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، ئاو، کانزا، نفووس و پاسپۆرت، مێژوو، خوێندنی باڵا، دادگا و مەحکەمە، کولتوور، پلانسازی شار، ڕێگا و بان و هات و چۆ، دێرینەناسی و ئاسەواری مێژوویی، دابەشکردنی ئیداری و ناوچەیی، هەڵبژاردن، حەوزەی گشتی ژیانی ژنان و مندالان، ئاسایش و سەربازی، چاپەمەنی و ڕاگەیاندن، وەرزش، ... دا خاوەن ئیمزا و بڕیار نییە. کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا لە باشترین حاڵەتی خۆیدا تەنیا بوونەورێکی فۆلکلۆریکە کە لو بەشی خسووسیدا مافی بەکارهێنانی جلوبەرگی خۆی و دروستکردنی خورد و خۆراکی لۆکاڵیی خۆی هەیە. کورد لە پرۆسەی بڕیاردان لە حەوزە گشتییەکاندا _دیسانیش لە باشترین حاڵەتی خۆیدا- لە پاشکۆیەکی سیستەمی ئیستیعماری کە ئەرکی بەرهەمهێنانەوەی گوتاری دەسەڵاتە هیچی دیکە نییە. پێویست ناکا، سەرنج بدەینە سەر ئەوەی ساڵانە چەند لاوی کورد ئیعدام دەکرێ، چەند کۆڵبەری کورد گیانی لە بەرزاییەکانی وڵاتی خۆی لێ دەستێندرێ و چۆناوچۆن کەل و پەلەکانیان لێ زەوت دەکەن، بۆ ئەوەی لە ئێراندا هەست بە قووڵایی و بارگرانیی سیستەمی کۆڵۆنیالیزمی نیوخۆیی بەرامبەر بە کورد بکرێ. ئۆنتۆلۆژیی کورد لە ئێراندا بەرهەمی موعادیلەیەکی ئیستیعمارییە کە بیرمەندی مەزنی تورک، ئیسماعیل بەشیکچی بە کۆلۆنیالزمی نیوخۆیی ناوی دەبا. جیاوازی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی کلاسیک ئەویە کە لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا خەڵکی بندەست لانیکەم لە ئاستی کولتوور و زمانەوە ئاسیمیلە نەدەکران، دیاردەیەک کە لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا بە توندی پەیڕەو دەکرێ.

 

کۆتایی

لە ڕۆانگەی هاننا ئارێنت ( ١٩٠٦-١٩٧٥)، فەیلەسووفی ئاڵمانی بە ڕەچەڵەک جوو، مافی مرۆڤ تەنیا بە ڕێگای هاووڵاتیبوون ڕا دەبێتە حەقیقەت و واتا پەیدا دەکا. هاووڵاتیش تەنیا لە ڕیگای دەستەبەربوونی سەروەریی سیاسییەوە دەتوانێ تەعبیر لە هەبوونی مافەکانی خۆی بکا. دەوڵەت-نەتەوە وەکوو باڵاترین شکڵی سەروەری سیاسی تەنیا چوارچێوەی دەستەبەربوونی ئەم مافانەیە کە هەتا ئێستا ئەزموونی مرۆڤایەتی دەستەبەری کردووە. ئەنجامێک کە لێرەدا دەتوانین لە پەیوەندی لەگەڵ کوردی ڕۆژهەڵات لە تیۆری نۆڕماتیڤی هانا ئارێنتی وەربگرین ئەوەیە کە کورد تەنیا زەمانێک دەتوانێ ببێتە خاوەن ماف کە ببێتە هاووڵاتی. بەڵام لە کانتێکستی دەوڵەت_نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە بەرامبەر نەتەوەکانی جیاوازی خۆیاندا هەتا سەر ئێسقان پشت بە دامودەزگا و موسسەساتی کۆڵۆنیال دەبەستن و لە هەمان کاتدا هیچ میکانیسمێکی دیمۆکراتیک بۆ دەستەبەرکردنی ماف و پاراستنی مافی وەدەستخستوو نییە، تەنیا ڕێگایەک دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە کورد ببێتە هاووڵاتیی خۆی. بە واتایەکی دیکە تەنیا بە ڕیگای دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسییە کە کورد دەتوانێ مافی هاووڵاتیبوون بۆ خۆی دەستەبەر بکا. پێش مەرجی سەرەتایی ڕۆیشتن بەرەوە سەروەریی سیاسیش قەبووڵکردنی ئەم حەقیقەتەیە کە کورد لە ئێران ئۆبژەیەکی موستەعمرەکراوە. پەیوەندییەک کە کورد بەردەوام لە حەولێکی خوێناوی دایە بۆ تێکدانی، بەڵام بە هۆی نەبوونی گوتاری هاوبەش، تیۆریی سیاسی گونجاو و پڕاکتیکی ڕیکخراوەیی تایبەت، بەردەوام مەجبوور بە دووپاتکردنەوەی مێژووی بەسەرداسەپاوی خۆیەتی.